لە چۆمان ورچێك كوژرا

:: PM:10:56:06/05/2025 ‌
دوای ئەوەی چەند كەسێك بۆ كردنی گژوگیای بەهارە دەچنە شاخێكەوە لە باڵەكایەتی، ورچێكی كوژراو لە شاخەكە دەبینن و بەرپرسی رێكخراوێكی ژینگەپارێزیش بە "وشە"ی راگەیاند، شوێنەواری یەك فیشەك بە لاشەی ورچەكەوەیە و لەوە دەچێ بە فیشەك كوژرابێت. 

ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئایار، محەمەد ئیسماعیل بەرپرسی رێكخراوی مێرگەمیر بۆ پاراستنی ژینگە لە سنووری چۆمان بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن چەند كەسێكەوە كە بە مەبەستی هێنانی گژوگیای بەهاری گەشتی چیای سەرشێخانیان كردووە ئاگەدار كراونەتەوە، لە دۆڵی باڵەییان لە سنووری قەسرێ ورچێكیان بینیوە كە شوێنەواری گولەی پێوە دیار بووە. 

بەرپرسی رێكخراوە ژینگەییەكە ئەوەیشی گوت كە ورچەكە تەنیا شوێنەواری یەك فیشەك بەجەستەیەوە دیار بووە و بۆیە گومانیان بەهێزە كە بە فیشەك كوژرابێت. 

ئەو شوێنەی رووداوەكە لێی رووداوە، گوندی زەنگەڵین بووە لە کوێستانی سەرشێخان لە دۆڵی باڵەییان كە دەکەوێتە سنووری ناشناڵپارکی هەڵگورد سەکران.


وشە - پۆڵا مەحموود