لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەكەی، بە گوژمەی 15 ملیار دینار لەسەر ڕووبەری نزیكەی 120 هەزار مەتر چوارگۆشە، لەسەر شەقامی 120 مەتری و جووتسایدی ڕەشكین، پاركی ڕەشكین لە شاری هەولێر دروست دەكرێت كە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین و سەرنجڕاكێشترین پاركە سەوزەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق.
ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكە 18 مانگە، ئێستە 10%ی كارەكانی پڕۆژەكە تەواو بووە، زیاتر لە 80 كرێكار و ئەندازیار ڕۆژانە لە پڕۆژەكەدا كار دەكەن.
پاركەكە دوو دەرگەی سەرەكیی چوونە ژوورەوەی هەیە و چەندان بەش و خزمەتگوزاریی تایبەت لەخۆ دەگرێت، كە هاووڵاتییانی هەولێر و گەشتیاران دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
پاركەكە لە ڕووی دیزاین و شێوازی دروستكردنەوە جیاواز و مۆدێرنە، تەواوی كەلوپەل، گوڵ و دار و درەختەكانی ئەم پاركە، لە وڵاتانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا هێنراون، لە ناویشیدا گەورەترین نافوورە لەسەر ئاستی عێراق بە دوو پارچەی پێكەوەبەستراو لەسەر ڕووبەری زیاتر لە شەش هەزار و 500 مەتر دروست دەكرێت.
جگە لەوە چێشتخانەیەكی گەورەش بە براندی جیهانیی تێدا دروست دەكرێت، لەگەڵ گۆڕەپانێكی هاوشێوەی شانۆی ڕۆمانی كە لەسەر ڕووبەری هەشت هەزار مەتر دروست دەكرێت، توانای لەخۆگرتنی پێنج هەزار كەسی هەیە و بۆ بۆنە نیشتمانییەكان و ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان سوودی لێ وەردەگیرێت.
بەشێكی تری ڕووبەری پاركی ڕەشكین بۆ وەرزشكردن تەرخان كراوە، ڕێڕەوی تارتان بۆ ڕاكردن بە درێژایی هەزار و 450 مەتر، ڕێڕەوی پایسكلسواری بەدرێژایی سێ هەزار مەتر چوون و هاتن دروست دەكرێت، هەروەها هۆڵێكی داخراوی وەرزشیی لەشجوانیی تێدایە كە ڕووبەرەكەی 700 مەترە و دەتوانرێت لە وەرزی زستانیشدا سوودی لێ ببینرێت.
پڕۆژەكە، پڕۆژەیەكی گەورەی شاری هەولێرە و چەندان بەشی تریش لەخۆ دەگرێت، لەوانە پەرژینكردنی دەوروبەری پاركەكە بە درێژایی هەزار و 600 مەتر بۆ پاراستنی سنووری پاركەكە. دروستكردنی گەراجی ئۆتۆمبێل بەتوانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 500 ئۆتۆمبێل، لەگەڵ ئەوەشدا شەقامێكی پان دروست كراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی لە هەردوولای شەقامەكەدا وەك گەراج سوودی لێ ببینرێت، لەگەڵ دوو عەمباری گەورەی ئاو و لێدانی دوو بیر بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاو و سیستمێكی پێشكەوتووی كارەبا و ڕووناككردنەوە بۆ پاركەكە دانراوە.
ئەوەی جێگەی باسە لەو پاركەدا، دەیان هەزار درەخت و 60 هەزار مەتر چیمەن دەچێنرێن. ئەم پاركە دەبێتە سییەكانی شاری هەولێر و سەرەتای وەرزێكی نوێی گەشەپێدانی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت ئەم پڕۆژەیە كاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر ژینگەی شار و گەشەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، هەروەها زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر كە یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی پلانی ستراتیجیی گەشەپێدانی شاری هەولێرە. بەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتركردنی كوالێتیی هەوای ناوچەكە و كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.