بڕیارە سبەی دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی سێ بكرێت، بۆ ئەو مانگە جارێكی تر زەیت گەڕاوەتەوە و دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی ئایار، دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری بازرگانی و كەلوپەلی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بریكارەكانی خۆراك ئاگادار دەكەینەوە سبەی پێنجشەم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و كەلوپەلی خۆراكی هەولێر بكەن، بۆ وەرگرتنەوەی لیستی بریكاری خـۆراك و پێشكەشكردنی پارەی لیستی بریكاری.
بەشەخۆراكی ئەو مانگە پێكهاتووە لە زەیت و شەكر و برنج و نیسك و ئارینۆك و نۆك و دۆشاوی تەماتە، هەروەها دوو مانگی رابردوو بەشێكی زۆریی هاووڵاتییان زەیتیان وەرنەگرت، ئەو مانگە گەڕاوەتەوە.
چەند مەرجێك بۆ بریكارەكان دیاری كراوە كە ئەمانەن:
1- ئەو بریكارانەی تا ئێستە ناسنامەی بریكارییان وەرنەگرتووەتەوە، بڕی ١٦٫٠٠٠ دینار زیاتر داخلی ڤیزەكارت بكەن بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامەی بریكاری ساڵی ۲۰۲٥ .
2- بۆ وەرگرتنەوەی لیستی بریكاری خۆراك و شێوازی پارەدان، دەبێ ڤیزەكارتی بانكی (جنوب ئیسلامی) هەبێت.
3- هەر بریكارێك پێشەكی پارە پێشكەش نەكات و لیستی بریكاری نەباتەوە، بەشەخۆراكی بۆ ناچێت .