65 هەزار و 667 پێشمەرگە زەوی وەردەگرن

:: PM:05:28:08/05/2025 ‌
لیژنەی هاوبەشی زەوی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی سەردانی وەزیری پێشمەرگەیان كرد و دوایین راپۆرتی كاروبارەكانی پێدانی زەوی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بە وەزیری پێشمەرگە گەیاند.

لەو كۆبوونەوەیەدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستخۆشی لێكردن لە بەرانبەر هەوڵ و ماندووبوونیان لە وردبینی و بەجێگەیاندنی كاروبارەكانی پێدانی زەوی بە پێشمەرگە كە تا ئێستە  نۆ هەزار پێشمەرگە سوودمەند بوون و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە و بە كۆی گشتی 65 هەزار و 667  پێشمەرگە بە حەوت قۆناغ سوودمەند دەبن لە پێدانی زەوی لە ناوچەكانی نیشتەجێبوونیان.

وەزیری پێشمەرگە رای گەیاند، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دەتوانرێت لە ئایندەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری زیاتر پێشكەش بە پێشمەرگە بكات تاكو ئەو زەوییانەی وەریانگرتووە بیكەن بە یەكەی نیشتەجێبوون. ئەمەش هاوكار و پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ پێشمەرگەی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم