زانیاری لەبارەی مووچە لە بەغداوە گەیشت

:: PM:05:45:10/05/2025 ‌
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەغداوە رای گەیاند، لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی نییە، ئەو بیانووەی بەغدا دەیگرێت "سیاسییە". هەروەك ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، ئەم هەفتەیە ئەو پرسە یەكلا دەكرێتەوە. 

زیاتر لە 45 رۆژە بەهۆی بەغداوە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەو لیستەیشی كە 20 رۆژە رەوانە كراوە هیچ كەموكووڕییەكی تێدا نییە. 

ئەمڕۆ شەموو، 10ی ئایاری 2025، سەرچاوەیەك لە بەغداوە بە "وشە"ی گوت، لیستی مووچە زۆر بێ‌ كێشەیە و هیچ كەموكووڕییەكی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی بەغدا دەیكات بیانوویەكی سیاسییە. 

سەرچاوەكە كە لە بڕیاردان نزیكە ئەوەیشی گوت، ئەم هەفتەیە ئەو پرسە یەكلا دەبێتەوە، لە كۆتاییدا دەبێت بەغدا تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بكات. 

لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن كە سبەی بەغدا پارەكە تەمویل دەكات، ئەو سەرچاوەیە گوتی، بەهۆی رۆژانی پشووی هەینی و شەموو هیچ زانیارییەك بۆ ئەوە نییە سبەی بینێرێ‌، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم هەفتەیە پارەی مووچە رەوانە دەكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم