هاتوچۆی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لەم سیستمە نوێیەدا بۆ یەكەم جارە پرسیارەكانی هێما و میكانیك بەزمانی كوردیی هەردوو زاراوەی سۆرانی و بادینی و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەردەستە، كە فێرخواز ئازادە هەر زمانێك هەڵبژێرێت و تاقیكردنەوەكەی پێ ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ دووشەم 12ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، پاڵپشت بە بڕیاری جیبەجێكردنی سیستمی نوێی مۆڵەتی شوفێری . ڕێنوێنیی ژمارە 11 ی ساڵی 2024 ی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان . دوێنی یەكەم پۆلە فێرخوازی داواكاری مۆڵەتی شوفێری تایبەت كە ژمارەیان 150 فێرخواز بوو، دوای ئەوەی بەسەركەوتوویی خولی فێركردن و ڕاهێنانی شوفێریان تەواو كرد.
بە سیستمی نوێ 21 سەعات وانەی تیۆرییان خوێندووە و 12 سەعات لێخوڕینی كرداری واتە مەشقی لێخورینی ئۆتۆمبێلیان لەسەر شەقامەكان ئەنجام داوە . سەردانی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێریان كرد و تاقیكردنەوەی هێماو و میكانیكیان ئەنجام دا .
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم سیستمە نوێیەدا بۆ یەكەم جارە پرسیارەكانی هێما و میكانیك بەزمانی كوردی هەردوو زاراوەی سۆرانی و بادینی و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەردەست بوو، كە فێرخواز ئازادە هەر زمانێك هەڵبژێرێت تاقیكردنەوەكەی پێ ئەنجام بدات.
ئەم مۆڵەتە تایبەتەی كە ئێستە لە سیستمەكەدا بەردەستە، لە جۆری (B) یە كە هەڵگری ئەم مۆڵەتە دەتوانێت ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاكسی (ئەگەر بەناوی خۆی بێت) و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە كێشەكەی لە (3.5) زیاتر نەبێ لێبخوڕێت.
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك ڕاهێنەر و وانەبێژی پراكتیكی بۆ مۆڵەتی (C بارهەڵگر) و (D نەفەرهەڵگر /پاس) بڕوانامەیان وەرگرت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نووسینگەكانی فێركردنی شوفێری، ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ وەرگرتنی فێرخوازانی مۆڵەتی بارهەڵگر و نەفەرهەڵگر.
ئەم سیستمە بە ستانداردێكی جیهانییە و ئامانجی وەزارەتی ناوخۆ لە سیستمی نوێی مۆڵەتی شوفێری ئەوەیە ، شوفێر زانیاریی تەواوی لەسەر بناماكانی لێخوڕینی سەلامەت و یاسا و ڕێساكانی هاتوچۆ هەبێت.