كۆمەڵ لەو بەرەیە كشایەوە كە بەناوی ئۆپۆزسیۆن بڕیارە پێكبهێنرێ‌

:: PM:05:21:12/05/2025 ‌
كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەو بەرەیە كشایەوە، كە بڕیارە لەنێوان حزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی پێكبهێنرێت. 

بڕیارە چەند حزبێك بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن، بەڵام ماوەیەكی زۆرە دێن و دەچن ناتوانن هەنگاو بنێن، دوێنێ بەرەی هەڵوێست كشانەوە، ئەمڕۆیش كۆمەڵی دادگەری بەشداری ئەو كۆبوونەوەی نەكرد كە بڕیارە بۆ ئەو پرسە بكرێت. 

سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی دادگەری ئەوەی بە "وشە" گوت، ئەوان لە بەشداری لەو بەرەیە كشاونەتەوە كە بە دەسپێشخەری نەوەی نوێ‌ و بەرەی گەل بڕیارە بەرەیەكی فراوانی ئۆپۆزسیۆن پێكبهێنن.

سەرچاوەكە وردەكاری هۆكاری كشانەوەی لا نەبوو، بەڵام پێی وایە، پێشتر حزبەكەیان ئەزموونی لەوجۆرەی تاقی كردووەتەوە و هیچ سوودێكی نەبووە. 

پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردبووەوە، بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان حزبەكاندا، پێ ناچێت بەرەیەكی لەوشێوەیە دروست بكرێت.


وشە - وشه‌