لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوە و سبەی مووچەی چەند شوێنێك دابەش دەكرێت، بەشێكیش دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی بە ئامادەكردنی لیستی مووچە كردووە.
هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو لیستەی لە سۆشیال میدیا بڵاو بووەتەوە، پێوەندیی بە ئێمەوە نییە و راست نییە.
زیاتر گوتی، ئەگەر لیستی مووچە بڵاو بكرێتەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی بەفەرمی بڵاوی دەكاتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دوای ناردنی پارەی مووچەی مانگی چوار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ راگەیاندنی لیستی مووچە كردووە، چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ كارەكان تەواو بكرێت و لیستەكە رابگەیەنرێت.