ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچە دەستی پێ كرد، ئەوانەی كارتی هەژماری منیان هەبێت، شێوازی دابەشكردنی مووچەیان جیاوازە. هەروەها سێ وەزارەتیش بە پێشخراوی ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئایار، دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، بەپێی خشتەی مووچە، ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت و زیندانیی سیاسی و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و كەسوكاری شەهیدان مووچە وەردەگرن.
بەپێی ئەو خشتەیەی هەژماری من بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی و خوێندنی باڵایش دابەش دەكرێت.
پڕۆژەی "هەژماری من" بڵاوی كردەوە، تا ئێستە 419 هەزار كارتی پڕۆژەكە دابەش كراون، 580 ئامێری ئای تی ئیم لە 200 شوێنی جیاوازی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دانراون.
هەژماری من رای گەیاند، 313 هەزار و 200 مووچەخۆر لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە ڕێگەی پڕۆژەكەوە مووچەكانیان وەرگرتووە، لە كاتێكدا ئەم ژمارەیە بۆ ئەم مانگە زیادی كردووە و 365 هەزار و 200 مووچەخۆر مووچەكانیان وەردەگرن، بەمەش دەردەكەوێت 52 هەزار مووچەخۆری تر لەم مانگەدا مووچەكانیان بە سیستمی پڕۆژەكە وەردەگرن.
دابەشبوونی فەرمانبەران بەمشێوەیەیە: هەولێر 220.4 هەزار، دهۆك 114.3 هەزار و سلێمانی 30.5 هەزار.