بەیانیی ئەمڕۆ هونەرمەندی دەنگخۆشی كورد محەمەد عەباس بەهرام كۆچی دوایی كرد، دواین قسەی لە رێگەی "وشە" بڵاو دەكرێتەوە كە دەڵێت، بەهۆی نەخۆشی تۆزێك دەنگی تێكچووە، بەڵام خودا تەمەن بدات هەزاران بەرهەمی هەیە.
لە دواین قسەی ئەو هونەرمەندە لە 24ـی شوباتی ساڵی رابردوو، لە رێگەی "وشە"وە دەڵێت، ببوورن گۆرانیی "ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش" ئاوازەكەی هیندی نییە و ئاوازی ڕەسەنی خۆمە و هۆنراوەی شەهید بەرزان عوسمانە. بۆ هاوسەرەكەیشی دەڵێت، خێزانەكەشم كوردی زازایی یافایە و بە رەسەن فەلەستینین، بەڵام لە پایتەختی وڵاتی ئوردن لە عەمان لە دایك بووە، لە پاش ئەوەی دەربەدەر كران وەك كورد كە چۆن ئەنفال كراین.
دەشڵێت، خێزانەكەم شاعیرە و كۆلیژی تەواو كردووە و كەسێكی دیندارە، لە دڵ و ناخی مندا پرێنسێسی جوانی دنیایە، چونكە زۆر بە ئیمان و میهرەبانە، ببوورن من لە ژیانمدا تەنیا یەك ژنم هێناوە ئەویش ئەم گوڵەباخەیە، بەڕێوەبەری كارەكانی هونەری خۆمە و شاعیرە و گوێی زۆر موزیكییە، تكایە ئەی كورد گولە بە تاریكییەوە مەنێن، زۆر سوپاس.
لە بەشێكی قسەكانی دەڵێت، من ماستەرم هێنا بۆ ئەوەی كولتوور و هونەرەكەم دەوڵەمەندتر بكەم، سێ ساڵ ئۆپێرام خوێندووە، ئاواز لە ناخی من لەگەڵ هۆنراوە، وەك دەریایەكی بێ بن هەڵدەقووڵێن سوپاس بۆ خوای پەروەردگار، بۆیە دڵنیابن كە پێویستیم بە ئاوازی هیندی و بێگانە نییە، بۆیە خۆشبەختانە هەزار و 500 گۆرانیی نوێم هەیە، هەروەها هەزار و 700 هۆنراوەی نوێم هەیە و هەندێكم تۆمار كردووە، بەڵام زۆر بەداخەوە كە تووشی ئەم كۆكەیە بووم، بۆیە دەنگم تۆزێ گۆڕاوە، لەبەرئەوە كۆنسێرتەكانم نەكرد، بەویستی خودای گەورەمان لە ئایندەدا لە كوردستانی ئازیز و خۆشەویستم تۆماریان دەكەم.
لە كۆتا قسەی دەڵێت، هەر خۆش بن بۆمان و سەركەوتوو بن بەخۆشی و شادی و كامەرانی، چاوتان ماچ دەكەم، هەمووتان چەپكەگوڵی جوانی كوردستانن، هەموومان پێكەوە چەپكەگوڵێكی ڕازاوەی جوانین. تكایە هەوڵ بدەن كۆمێنتەكانتان جوان و رۆشنبیرانە بێت و هەستی كەس بریندار مەكەن، با ژیان پێكەوە پڕ بكەین لە خۆشەویستی و ئارامی و دڵسۆزی، پشتگیریی یەكتر بین نەك یەكتر بڕووخێنین و یەكتر ئازار بدەین، ئیوە خۆشەویستن و چاوتان ماچ دەكەم.