نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە مامۆستایانی كوردستان دەكات و رای دەگەیەنێت، مامۆستایان پێشەنگ و كۆڵەكەی سەرەكیی بنیاتنانی كۆمەڵگەن، گرەنتیی پەروەردەكردنی مرۆڤی هۆشیارن كە شانازی بە ناسنامەكەیانەوە دەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان و سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایان پیرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پەیامی بەرز و ڕۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەكان بەرز دەنرخێنین، هەموو هەوڵێك لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ ئەوان دەدەین كە لەگەڵ پێگەی پەروەردەیی و نیشتمانییاندا بگونجێت. بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ دابینكردنی ژینگەیەكی فێركردنی گونجاو و هاوچەرخ كە وەبەرهێنانێكی ڕاستەوخۆیە لە داهاتووی كوردستاندا.
باسی لەوەش كردووە، مامۆستایان پێشەنگ و كۆڵەكەی سەرەكیی بنیاتنانی كۆمەڵگەن، گرەنتیی پەروەردەكردنی مرۆڤی هۆشیارن كە شانازی بە ناسنامەكەیانەوە دەكەن. لە هەموو قۆناغەكاندا دڵسۆزییان سەلماندووە، هەر لە گۆڕەپانەكانی خەباتەوە تا هۆڵەكانی خوێندن، هەمیشە پارێزەری هۆشیاری و زمان و بەهاكان بوون. ڕۆڵیان لە بەردەوامیی پرۆسەی فێركردن لە سەختترین هەلومەرجدا، جێی ڕێز و پێزانینە.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت، دەستخۆشی لە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەكەین بۆ نوێنەرایەتیكردنی توێژی مامۆستایان و بەرگریكردن لە مافەكانیان. بەڕێزەوە قوربانیدانی ئەو مامۆستایانە بەبیر دێنینەوە كە گیانیان لە پێناو ئازادیدا بەخشی. سڵاو بۆ هەموو ئەو مامۆستایانەی بە دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی ئەركی پیرۆزیان جێبەجێ دەكەن.