مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات و رای دەگەیەنێت، پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و گشت مامۆستایانی كوردستان دەكەم.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكیدا بەبۆنەی 63مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و گشت مامۆستایانی كوردستان دەكات و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازێت.
دەشڵێت، خەبات و تێكۆشانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و داكۆكیكردنیان لە ماف و داخوازییەكانی مامۆستایانی كوردستان بەرز دەنرخێنین، پێزانینێكی زۆرمان بۆ مامۆستایانی كوردستان هەیە كە ڕۆڵێكی گرنگ لە پەروەردەكردن و فێركردنی نەوەكانماندا دەگێڕن.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، ئومێدەوارم مامۆستایانی كوردستان، لەسەر بنەمایەكی باش و پەروەردەیەكی دروست و هزری نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی كوردستان، نەوەیەكی داهێنەر و زانستخواز و ژینگەدۆست پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی كارایان لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی كوردستاندا هەبێت.