شاندێكی كەمپی مەخموور تایبەت بە پەكەكە، لە بەغدا دەبن و لەگەڵ وەزیری دادی عێراق كۆ دەبنەوە، دوای كۆبوونەوەكە لەرێگەی گەڕانەوە بۆ كەمپ، لە دەروازەی بەغدا شوێنبزر دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی ئایار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەم شاندێكی پێنج كەسیی كەمپی مەخموور، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دادی عێراق، لە گەڕانەوەیان لە بازگەی بەغدا گیراون و شوێنبزر كراون.
چوونی شاندەكەی كەمپ كە پێكهاتوون لە ئەنجوومەن و شارەوانی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی كەمپی شەهید رۆستەم جودی ناسراو بە (كەمپی مەخموور)، بەمەبەستی كۆبوونەوە بووە لەگەڵ وەزیری دادی عێراق، دوای كۆبوونەوەیان و لە كاتی گەڕانەوەیان، لە بازگەی هێزە تەناهییەكانی عێراق لە بەغدا گیران.
شاندەكە پێكهاتبوون لە سێ پیاو، بەرپرسی ئەنجوومەن و شارەوانی و پێوەندییەكانی دەرەوەی كەمپ، لەگەڵ دوو ژن.
ئەوە زانراوە، دوو ژنەكە ڕەوانەی مووسڵ كراونەتەوە و لەوێشەوە بۆ مەخموور ڕەوانە كراونەتەوە، بەڵام تا ئێستە چارەنووسی هەرسێ پیاوە بەرپرسەكەی كەمپی مەخموور هەریەك لە "بێوار بەرپرسی پێوەندییەكان و عەلی و عەدنان" تا ئێستە هیچ هەواڵێكیان نییە و لە بەغدا شوێنبزر كراون.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا راگەیەنراوە و پەكەكە بڕیاری دانانی چەكی داوە.