سبەی یەكەم كاروانی حاجیانی كوردستان بەڕێ دەكەون

:: PM:12:01:15/05/2025 ‌
بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، هەردوو ڕێگەی وشكانی و ئاسمانی دیاری كرا كە  ژمارەی حاجیان پێنج هەزار و 136 حاجییە و سبەی یەكەم گەشت دەست پێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی ئایار، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئامادەكارییەكانمان بۆ پێشوازیكردن لە وەرزی حەجی ئەمساڵ تەواو كردووە، سبەی یەكەم كاروانی حاجیانی كوردستان بە رێگەی وشكانی بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێ دەكەون.

زیاتر گوتی، گەشتەكان بە دوو رۆژ ئەنجام دەدرێن، بەجۆرێك كە حاجیانی پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان، لە ڕۆژی 16/5/2025 گەشت دەكەن، لە كاتێكدا حاجیانی پارێزگای هەولێر، پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ لە ڕۆژی 17/5/2025 بەرەو سعوودیە بەڕێ دەكەون كە ژمارەیان هەزار و 645 حاجییە.

باسی لەوەش كرد، رۆژی19/5/2025 یەكەم كاروانی حاجیانی كوردستان بە رێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێ دەكەون كە ژمارەیان سێ‌ هەزار و 491 حاجییە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدان و كارئاسانی حاجیانی كوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیاری كردووە، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی تێچووی حەجە.

بڕیاریشە تا 28ـی ئایار، تەواوی حاجیانی كوردستان و جیهانی لەو وڵاتە ئامادەبن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ.



وشە - رامیار جەواد