سیاسەتوانێكی دیاری كورد رای گەیاند، ئێستە پەكەكە ئەو كارەی كردووە كە توركیا بۆ پرۆسەی ئاشتی داوای لێ كردبوو، بەڵام زووە قسە لەسەر بڕیارەكەی بكەین و دەبێت چاوەڕیی توركیا بكەین.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی ئایار، د. مەحموود عوسمان سیاسەتوانی دیاری كورد، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە بڕیاری چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، ئەمە پێوەندیی بە پرۆسەی ئاشتی هەیە كە توركیا داوای كردبوو، هەروەها ئۆجەلانیش ئاماژەی پێدابوو.
روونی كردەوە، پەكەكە ئەوەی كردووە، بەڵام لەم كاتەدا زووە بڕیار بدەین لەبارەی ئەو بڕیارەوە، دەبێت چاوەڕێی توركیا بكەین بزانین ئەو لە بەرانبەردا چ هەنگاوێك هەڵدەگرێت و چی دەكات.
رۆژی 13ی ئەم مانگە پەكەكە بڵاوی كردەوە، لە پێنج بۆ حەوتی ئەم مانگە كۆنگرەی 12ەیان بەستووە و لە كۆنگرە بڕیاری چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە، پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی دەمپارتی بۆ ئیمراڵی گوتی، عەبدوڵا ئۆجەلان بە رێگەیەكی تەكنیكی لەو كۆنگرەیە بەشداریی كردووە.
وشە/ هۆشیار عەلی