دواین زانیاری لەبارەی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست گەیشت

:: AM:09:22:17/05/2025 ‌
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ئاراستەی چەند گەنجینەیەكی كردووە، داوای وردبینی و زانیاریی زیاتر لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەست كردووە بۆ ئەوەی بكرێن بە هەمیشەیی .

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئایار، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە "وشە" وێنەیەكی دەست كەوتووە و تێدا هاتووە، ئاگاداری شەش گەنجینە دەكەینەوە، كار بكەن بۆ راستكردنەوەی كۆی گشتی مووچە و دەرماڵە و بڕوانامە و لێبڕینی خانەنشین و هەر دەرماڵەیەك.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو نووسراوە لەسەر راسپاردەی لیژنەی وەزارەتی دارایی تایبەت بە "خشتەی فەرمانبەرانی گرێبەست و خشتەی زانیاری فەرمانبەرانی هەمیشەیی" كراوە، لیستی ناوەكانمان لەسەر CD بۆ ڕەوانە بكەن، بەمەبەستی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، پێویستە بە زووترین كات ئەو كارە لەلایەن گەنجینەكانی راپەڕین و كەركووك و چەمچەماڵ و هەرێم و ئاكرێ‌ و گەنجینەی دووی سلێمانی ئەنجام بدرێت.

ئەمە دواین زانیارییە لەسەر بەهەمیشەییبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست كە ژمێركاری دارایی داوا لە ئەو گەنجینانە دەكات، ئەو هەڵانەی لە لیستی فەرمانبەرانی گرێبەستدا هەیە، بەزووترین كات چاكی بكەن و بۆیانی بنێرنەوە.



وشە - رامیار جەواد