هەزاران ماڵ لە هەولێر قەرەبوو دەكرێنەوە

:: AM:10:04:17/05/2025 ‌
بەپێی بڕیارێكی نوێی پڕۆژەی ڕووناكی، ئەو ماڵانەی پێشوو پێش دیاریكردنی نرخ كارەبایان هەبووە، لە پڕۆژەكە قەرەبوو دەكرێنەوە كە نرخیان پێشتر گرانتر بووە.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئایار، پڕۆژەی رووناكی بڵاوی كردووەتەوە، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی پێشتر پڕۆژەی ڕووناكییان پێگەیشتووە و بەپێی نرخی ئەزموونیی پارەی كارەبایان داوە، لە پاش ئەوەی بڕیار درا لەسەر نرخی كارەبا، قەرەبوو دەكرێنەوە.

باس لەوەش كراوە، ئەو نرخە نوێیە كەمترە بەراورد بە نرخە ئەزموونییەكەی پێشتر، ئەو بڕە زیادەیەی هاووڵاتییان خەرجییان كردووە، بەشێوەی كرێدیت (رصید) بۆیان دەگەڕێتەوە لە مانگەكانی داهاتوودا.

ئاستەكانی كارەبای 24 سەعاتی بەم شێوەیەیە:
-لە یەك بۆ 400 كیلۆوات 72 دینار هەژمار دەكرێت.
-لە 401 بۆ 800 كیلۆوات بە 108 دینار هەژمار دەكرێت
-لە 801 بۆ 1200 كیلۆوات 175 دینار هەژمار دەكرێت
-لە 1201 بۆ 1600 كیلۆوات 265 دینار هەژمار دەكرێت.
-لە 1600 كیلۆوات زیاتر 365 دینار هەژمار دەكرێت.

هاوكات پڕۆژەی رووناكی نرخی كارەبای بازرگانی و هاوبەشەكانی تریشی دیاری كردووە بەم شێوەیە:
-پیشەسازیی گەورە 125 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك.
-بازرگانی 185 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك.
-میری 160 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك.
-كشتوكاڵ 60 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك. 
-پیشەسازی 160 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك دیاری كراوە.

پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە كۆی دەنگ، پڕۆژەی رووناكی پەسند كرا.



وشە - رامیار جەواد