پارتی قۆناغێكی تری گۆڕانكاریی دەست پێ دەكات

:: PM:03:22:17/05/2025 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان دوای گۆڕانكاری لە چەند بەرپرسیاریەتییەكی لقەكانی، لە قۆناغی داهاتوودا دەست بە گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی ئیداری دەكات كە لەلایەن كادرانی پارتییەوە بەڕێوە دەبرێن. 

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئادار، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی، بە "وشە"ی گوت، قۆناغی یەكەمی گۆڕانكارییەكان ئەوەبوو كە لە بەرپرسیاریەتی چەند لقێكدا كرا و ئەوەیش بە پێویست زانرا، چونكە پارتی بڕوای وایە دەبێت حزبەكە بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بێ بەهۆی ئەوەی گەورەترین حزبی كوردستانە. 

سەرچاوەكە ڕوونیشی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕانكارییەكانی بە چەند قۆناغێك دەكات، قۆناغی داهاتوو گۆڕانكارییە لە چەند پۆستێكی ئیداری بەتایبەت ئەو پۆستانەی خزمەتگوزارین و راستەوخۆ بەریەككەوتنیان لەگەڵ خەڵكدا هەیە.

ئەو سەرچاوەیە وادەی گۆڕانكارییەكەی بە دیاریكراوی نەزانی، بەڵام دووپاتی كردەوە كە ئەگەر هەیە گۆڕانكارییە ئیدارییەكان پێش یان دوای هەڵبژاردنی عێراق بكرێن.

"وشە" هەوڵی دا ئەو پۆستانە بزانێ‌ كە بڕیارە پارتی گۆڕانكارییان تێدا بكات، بەڵام سەرچاوەكە ئامادە نەبوو ئاشكرای بكات تا ئەو كاتەی بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت. 

پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین هێزی كوردستانە و یەكێكە لەو حزبانەی كە زۆرترین جەماوەری كوردستان لە دەوری كۆبوونەتەوە و بەردەوام چاوەڕوان دەكرێت خزمەتی گەورە بكات. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم