لە ئەمەریكاوە مەسروور بارزانی سەرپەرشتیی واژووكردنی دوو گرێبەستی گرنگ دەكات

:: PM:08:14:19/05/2025 ‌
بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوو رێككەوتننامەی گرنگ لە بواری وزە لە واشنتن واژوو دەكرێن، كە بەهاكەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار، كاریگەرییەكی دیار و ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی كەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت. 

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئایاری 2025، لە راگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا دەکات.

راگەیەنراوەكە روونی كردووەتەوە، هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی HKN Energy و WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژوو دەکەن، کە بەهاکەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار، کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

كۆمپانیای HKN كۆمپانیایەكی ئەمەریكیە و لە ساڵی 2007 دامەزراوە، كۆمپانیایەكی تایبەت و سەربەخۆی وزەیە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی پێ بەخشراوە بۆ بلۆكی سەرسەنگ و  لە ساڵی 2024 پشككێكی لە بەرهەمهێنانی بلۆكی ئەترووش پێ درا. 

کۆمپانیای westerenZagors کۆمپانیایەکی تایبەت و ئەمریکییە . کۆمپانیاکە لە ساڵی 2005ەوە لە هەرێمی كوردستان چالاکە و زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی لە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا کردووە. خاوەنی دوو گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بلۆکی كوردەمیر و گەرمیان، کە كاری سەرەكییان گەڕان و پەرەپێدانی نەوتی خاو و غازی سروشتییە.



وشە - پۆڵا مەحموود