تا كۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆران زەوییان پێ‌ دەدرێت

:: PM:12:01:20/05/2025 ‌
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رای گەیاند، كارەكانی دابەشكردنی زەوی بەپێی یاسا بەڕێوە دەچێت، تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران زەوییان پێ‌ دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئایار، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەردەوام لەگەڵ تیمەكانمان لە دوای دەوامیش كار دەكەین، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵیش هاوكارە و لەڕووی یاساییەوە كار لەسەر زەوییەكان دەكات.

زیاتر گوتی، دڵنیایی دەدەینە ئەو برایانەی زەویی كشتوكاڵیان هەبوو و ئەوانەشی زەوی وەردەگرن، بەپێی ماستەرپلان كار دەكەین و لە كاتی هەمواری ماستەرپلان سەرجەم وەزارەتەكان نوێنەریان هەبووە.

روونی كردەوە، سەرجەم جووتیاران مافی خۆیان وەردەگرن و قەرەبوو دەكرێنەوە و مافیان نافەوتێت.

باسی لەوەش كرد، بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، بەمنزیكانە دابەشكردنی زەوی دەست پێ‌ دەكات و تا كۆتایی ساڵ بەشی زۆری فەرمانبەران زەویی خۆیان وەردەگرن.

27ی ئایاری ئەمساڵ، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد و دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.





وشە - رامیار جەواد