پارتی لیستی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكات

:: PM:04:52:20/05/2025 ‌
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای دهۆكی پارتی دیموکراتى کوردستان، ئاشكرای كرد، ئێستە خەریكی پێداچوونەوەن بۆ دیاركردنی كاندیدەكان، هەندێ میكانیزم دیار كراون بۆ ئەو كەسانەی دەبنە كاندیدی پارتی.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئایاری 2025، خالید ئەحمەد بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی پارتی لە دهۆك ڕای گەیاند، خەریكی ئامادەكارین بۆ تۆماركردنی لیستەكەمان، تا ئێستە هیچ ناوێك یەكلا نەبووەتەوە، هەموو ناوچەكان لەبەرچاو گیراون، بۆ هەر ناوچەیەك زیاتر لە كەسێك هەیە، كۆمەڵێك فلتەر و میكانیزم دیار كراون بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، هەموو هەوڵێك دەدەین باشترین؛ لەناو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق كاندید بكرێن.

بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆك بە میدیای فەرمیی حزبەكەی گوت، "نەك ئێمە، باوەڕناكەم هیچ قەوارەیەك و لایەنێك گەیشتبێتە قۆناغی یەكلاكردنەوە، ئێمە ئێستە لە قۆناغی پێداچوونەوەین، كەی گەیشتینە كۆتایی بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدەكان دەدرێت".

خالید ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "هێشتا كات لە بەردەم لایەنەكان ماوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا ڕۆژی 24ی مانگی داهاتوو دەرفەتی داوەتە قەوارەكان بۆ پێشكەشكردنی لیستەكانیان، واتە هێشتا لایەنەكان كاتیان لە بەردەستە بۆ تۆماركردنی لیستەكانیان".


وشە - سه‌رخێڵ هاشم