گەردی: سەرانی عێراق بوێریی واژووكردنی گرێبەستی وزەیان نەبوو

:: PM:04:10:21/05/2025 ‌
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، سەرنج دەخاتە سەر رێككەوتنی ئەمدواییەی وزەی نێوان كوردستان و ئەمەریكا كە بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە ئەمەریكا واژوو كرا و دەڵێ‌، عێراق پێشێلی هاوبەشی و هاوسەنگی دابەشكردنی داهاتی كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئایار، حەسیبە گەردی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە" گوت، كوردستان مافی دەستووریی خۆی بۆ بنیاتنانی هاوبەشیی نێودەوڵەتی بەكار دەهێنێت و داوای مۆڵەت لە كەس ناكات، كەسانێك هەن لە ژێر قورسایی پیلانگێڕییەكاندا دەڕووخێن و كەسانێكیش هەن كە هەموو زریانێك دەكەنە دەرفەت و بەهێزتر دەردەكەون.

روونیشی كردەوە كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە متمانە و هەنگاوی بەهێزی سەركردایەتی، دووپاتی كردەوە كە كوردستان ژێردەستە نییە و ژێر دەستەیش قبووڵ ناكات، بەڵكو هاوبەشە لە داڕشتنی هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، لە ژێر قوبەی ژووری بازرگانی ئەمەریكا لە واشنتن دی سی، واژووكردنی دوو ڕێككەوتنی ستراتیژی وزە لە گەڵ HKN Energy و Western Zagros  تەنیا ڕێكەوتنێكی ئابووری نەبوو، بەڵكو بەیاننامەی سەروەری و پەیامێكی دیپلۆماسی و بەڵگەیەكی دەستووری بوو، كە هەرێمی كوردستان مافەكانی خۆی دەزانێت و دەزانێت، چۆن و كەی بەكاریان بێنێت و چۆنیش پارێزگارییان لێ بكات.

ئەو دەڵێت، ئەم ڕێككەوتنە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت و هەنگاوێكە كە سەركردە عێراقییەكان بوێری هاوێشتنیان نەبووە، لەبارەی ئەوانەش كە دەیانەوێت هەرێم پەراوێزی بخەن یان دەسەڵاتەكانی سنووردار بكەن، پێویستە سەرەتا پێداچوونەوە بە دەستوور و لە واتای هاوبەشی ڕاستەقینەدا بگەن.

لە وەڵامی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقیشدا گەردی دەڵێ‌، دەستووری عێراقی ساڵی 2005، لە مادەی 110 دا هاتووە، پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گازی عێراق لە ڕێزی دەسەڵاتە تایبەت و ڕەهاكانی حكوومەتی فیدراڵ نییە و لە مادەی 112 هاتووە، كە حكوومەتی فیدراڵی هاوشانی حكوومەتەكانی ناوچە بەرهەمهێنەرەكان و پارێزگاكان، سیاسەتی ستراتیجی بۆ پەرەپێدانی نەوت و گاز دادەڕێژن، بەشێوەیەك كە بەرزترین قازانج بۆ گەلی عێراق بەدەست بهێنێت، عێراق پێشێلی هاوبەشی و هاوسەنگی دابەشكردنی داهاتی كردووە و بەشە داهاتی هەرێم وەك كارتی فشار، بۆ چەوساندنەوە و برسیكردنی هەزاران فەرمانبەر و خێزانی كەمدەرامەت و پەككەوتەو .....هتد لە هەرێمدا بەكار هێناوە.

وەك باسی لەوەیش كرد كە كاتێك حكوومەتی هەرێم گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە بوارەكانی بەرهەمهێنان و وزەدا واژوو دەكات، ئەوا سەپاندنی سیاسەتی گرێبەستێكی ئەنجامدراو نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی دەقێكی دەستووری ڕوون و مافێكی ڕەوایە كە هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی ڕێزی لێ دەگرن.

لە كۆتایشدا دووپاتی كردەوە كە مەسروور بارزانی سەلماندوویەتی، درێغی نەكردووە لە داكۆكیكردن لە مافەكانی هەرێم و سازش لەسەر پرەنسیپی شەراكەتی دەستووری.



وشە - وشه‌