سەرما و باران دەگەڕێتەوە

:: AM:08:49:22/05/2025 ‌
شارەزایەكی كەشناسی رای گەیاند، لە كۆتایی مانگ ئەگەری شەپۆلێكی باران و سەرما بۆ سەر ناوچەكە هەیە و كاریگەریی تەواوی لەسەر كەشوهەوا دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی ئایار، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژانی شەموو و یەكشەم، كەشێكی ناسەقامگیر ڕوو لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و بەشێك لە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و ڕۆژهەڵاتی گەرمیان بكات.

زیاتر گوتی، شەپۆلێكی تاوەبارانی بەهاری ماوەكورت و هەورەبروسكە و تەرزە، ڕوو لەو ناوچانە دەكات، لە ئەنجامی هەڵگەڕانەوەی هەور لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی و كوردستان و باكوری كوردستان.

ئاماژە بەوەش دەكات، لە كۆتایی مانگ لە 30ـی ئایار، پێشبینی دەكرێت بارستەهەوایەكی ساردی مامناوەندی جەمسەری لەگەڵ ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، ڕوو بكاتە میسر و وڵاتانی شام و هەرێمی كوردستان و عێراق. پێشبینی دەكرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك كەشێكی فێنك دروست دەكات، لەگەڵ خۆیدا تاوەباران و هەورەبروسكە دێنێت، پێشبینی دەكرێت باران بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، بەڵام جێگیر نییە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێتەوە.



وشە - رامیار جەواد