وەزیری وزەی ئەمەریكا لەمیانی كۆنفرانسی وزە لە واشنتن، لەبارەی پڕۆژەی رووناكی و هەنگاونانی هەرێمی كوردستان بەرەو كارەبای 24 سەعاتی، رای گەیاند، ئەمە ئەجێندای سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ئەجێندای ئێمەیشە، چونكە ناتوانی ژیانێكی خۆش بکەی ئەگەر كارەبای بەردەوامت نەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئایاری 2025، كریستۆفەر ئێلن رایت وەزیری وزەی ئەمەریكا لە میانی پانێڵێكدا لە كۆنفرانسی وزە كە شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی لە واشنتن ئامادەیەتی، رای گەیاند، ناتوانی ژیانێكی خۆشت هەبێت ئەگەر كارەبایەكی بەردەوامت نەبێت، بۆیە كارەبا و گەیاندنی وزە بە خەڵك، زۆر گرنگە.
لەبارەی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی و پڕۆژەی رووناكی، هاوكات دوو گرێبەستەكەی ئەم دواییەی حكوومەتی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی بۆ دابینكردنی وزەی زیاتر، ئێلن رایت دووپاتی کردەوە، وادەكەین لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە كارەبا بۆ وڵاتانی تریش و دراوسێكانی كوردستان دابین بكەین.
وەزیری وزەی ئەمەریكا زیاتر دەڵێ، ئەمە ئەجێندای سەرۆك وەزیرانی كوردستانە "مەسروور بارزانی" و لە هەمانكاتدا ئەجێندای ئێمەیشە وەك ئەمەریكا و زۆر خۆشحاڵم كە ئەو بەرەوپێشچوونە لە كوردستان دەبینم و سەرچاوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان باشتر دەبن.