سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكاوە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، ئەم رێككەوتنانەی ئێمە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە بواری وزە كردوومانە بۆ پەرەپێدانی وزە تەنیا لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نییە، لە بەرژەوەندی عێراقیشە ئیتر خەڵكی تر هەر چی دەڵێن كەیفی خۆیانە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی كۆنفرانسی وزە لە واشنتن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئێمە تەنیا بەرپرسیارین لەو بڕیارانەی دەیدەین.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی دا كە ئێمە بڕیارمان داوە بۆ پەرەپێدان لە كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان كە بێگومان ئەنجامەكەی بۆ هەموو خەڵكی هەرێم و هەموو خەڵكی عێراقیشە، لەبەر ئەوە خەڵكی تر چی دەڵێن و چۆن لێكدانەوە دەكەن كەیفی خۆیانە، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە كە ئەم گرێبەستانە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە.
هەر لە ئەمەریكاوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەبارەی یاساییبوونی گرێبەستەكانەوە رای گەیاند، باسی یاسایی بوون و نەبوونی دەكرێت، ئەم گرێبەستانە تەواو یاسایین، چونكە دوو كۆمپانیان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و گرێبەستەكانیان براوەتە بەغدا و سێ جار دادگا لە بەغدا بڕیاری داوە لە بەرژەوەندی ئەو گرێبەستانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان كردوویەتی، بۆیە كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان تەواو یاساییە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی كوردستان روونی كردەوە كە لە راستیدا دەستوور مافی ئەوەی داوەتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵ و دەستی خۆیەتی كاریان تێدا بكات، هەر بڕیارێك و راگەیەنراوێكیش دژی ئەم رێككەوتنە، سیاسییە و هیچی تر نییە، بە دڵنیاییەوە ئێمە پێمان خۆشە وڵاتێكی خۆش گوزەرانمان هەبێت و پێمان خۆشە سەرۆك وەزیران و وڵاتێكمان هەبێت كە رێز لە دەستوور بگرێت.
هاوكات لە پەڕاوێزی كۆنفڕانسەكەدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، ئێستە ئێمە وەكو هاوپەیمانێكی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا ریزمان لێ دەگیرێت و چاویشمان لەوەیە ئەو پێوەندییانە بچنە قۆناغی باشتر و بەرزتر.