لەبارەی كۆبوونەوەكەی مەسروور بارزانی و ماركۆ رۆبیۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی داوە كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە كرد كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.
ئەمشەو هەینی 23ی ئایار، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، ماركۆ رۆبیۆ لە واشنتن پێشوازی لە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و باس لەو هەنگاوانە كرا كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.
لە درێژەی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتووە، رۆبیۆ ستایشی ئەو رێككەوتنانەی كرد كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان ئەنجامی داوە لە پێناو فرەوانكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێم، كە دەبنە هۆی ئەوەی عێراقیش پشت بە وزەی خۆی ببەستێت.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە، مەسروور بارزانی و ماركۆ رۆبیۆ گفتوگۆیان كردووە لەبارەی گرنگی پاراستنی مافی كەمینە و ئاینە جیاوازەكان لە نێوان عێراق و سووریا و لە بەشێكی تری كۆبووەنەوەكەیشدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتیوانی وڵاتەكەی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە و ئاماژەی داوە كە كوردستانێكی بەهێز و خۆڕاگر بناغەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراقە.