ئامادەكارییەك بۆ دەستكردن بە دروستكردنی پسوولەی خۆراك بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە كوردستان تەواو بووە، بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا ئەپڵیكەیشنەكە كارا بكرێت و هاووڵاتییان بە كۆدی خۆیان دەتوانن مامەڵەكانیان پێشكەش بكەن.
ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئایار، بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان هەمانە، هەفتەی رابردوو سیستمی ئەلیكترۆنی كۆبۆنی خۆراك لە پارێزگای هەڵەبجە كارا كرا، بڕیارە ئەم هەفتەیەش سیستمەكە لە پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی كارا بكرێت.
باسی لەوەش كرد، بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تا سەرەتای مانگی تەمووز سیستمەكە لە سەرانسەری عێراق كارا دەبێت، پێویستە سەرجەم خێزانەكان لەو سیستمە زانیارییەكانیان نوێ بكەنەوە.
سیامەند قادر نانەكەلی بەرپرسی رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدراڵ، داوامان لە سەرجەم بریكارەكانی ئارد و خۆراك كردووە ئەپڵیكەیشنی (واتس ئاپ) لە مۆبایلەكانیان دابەزێنن.
زیاتر گوتی، سەرجەم بریكارەكان دەكرێنە ناو گرووپێكی (واتس ئاپ)ـەوە، بۆ ئەوەی هەموو بریكارەكان لە ڕێگەی ئەم گرووپەوە ئاگادار بكرێنەوە لەهەر ڕێنوێنییەك لەبارەی پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، ئەو لیستانەی تایبەتن بە بریكارەكان كە مانگانە ئارد و خۆراكی هاووڵاتییان بەپێی ئەم لیستە دابەش دەكرێ.
هاوكات ماوەی پێشوو نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات.
باسی لەوەش كرد، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دێتە پێش، بەردەوام هاوئاهەنگیمان هەیە و دەمانەوێت بەشێوەیەكی رێكوپێك كارەكان بەڕێوە بچێت.