سەرۆك بارزانی: حەز دەكەین هەموو عێراق ئاوەدان بێت و كەرامەتی هاووڵاتییان پارێزراو بێت

:: PM:03:08:25/05/2025 ‌
لە سەڵاحەدین سەرۆك بارزانی، پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەمیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كرد.

لەو دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ هەوڵدان بۆ جێگیركردنی سەقامگیری و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆردا باوەشیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە بەشەكانی تری عێراق كردەوە. شاندی میوان ستایشی سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەرباری بوونی ئاستەنگەكان، بەڵام هەرێم توانیویەتی لەسەر ڕێگەی بووژانەوە هەنگاو بنێت.

 هەروەها ڕایان گەیاند كە ئەوان لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەگەن و پەیامی پاڵپشتی و موحەبەت و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەیە.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە كە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد. لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتی و ستەمە كرد كە حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستانیان هێناوە، ئەوەشی خستەڕوو كە بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەت و ڕژێمەكان، بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت، سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان هەرگیز ناتوانێ پێوەندیی نێوان گەلان تێكبدەن.

 سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند كە حەز دەكەن هەموو عێراق ئاوەدان بێت و ببووژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتییان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت. 

لە بەشێكی تری گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەوەی دووپات كردەوە كە ناكرێ قووتی هاووڵاتییان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لە دژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت.

دووپاتی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت، هەموولایەك پابەندی هەرسێ پڕەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم