وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنوێنیی ژمارە چوار بڵاو دەكاتەوە، كە تایبەتە بە هەمواری چوارەمی ڕێنوێنییەكانی پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی و نشینگە لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوابەدوای ڕێنوێنیی ژمارە (1)ـی ساڵی 2021ـی تایبەت بە پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی و نشینگە/هەمواركراو، بە ڕاگەیەنراوی ژمارە (21)ـی ساڵی 2021 و هەردوو ڕێنوێنیی ژمارە (1)ـی ساڵی 2024 و (13)ـی ساڵی 2024ی وەزارەتەكە، هەروەها ئاماژە بە نووسراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1255) لە 10/7/2024 و كۆنووسی كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی ناوبراو و دەستەی وەبەرهێنان و لایەنە پێوەندیدارەكان و بەپێی ئەو دەسەڵاتەكەی بە وەزارەتەكە دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە (6)ـی ساڵی 2009، بڕیار درا بە دەركردنی ژمارەیەك ڕێنوێنی.
مادەی یەكەم: هەمواركردنەوەی بڕگەی (19) لە مادەی یەكەمی ڕێنوێنیی ژمارە (1)ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆ، كە بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە: "بڕگەی (19)، كارتی نشینگە: ئەو كارتەیە كە ماوەكەی لە شەش مانگ كەمتر نییە و لە پێنج ساڵ زیاتر نییە و بە كەسی بیانی دەدرێت و مافی مانەوەی لە هەرێمی كوردستان دەبێت".
مادەی دووەم: زیادكردنی بڕگەی سێ، چوار و پێنج لە مادەی (14) لە ڕێنوێنیی ژمارە (1)ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆ و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
سێیەم:
1-پێدانی نشینگەی وەبەرهێن بۆ ماوەی (سێ ساڵ بۆ پێنج ساڵ) بە كەسی بیانی، واتە: "خۆی و هاوسەر و منداڵی خوار 18 ساڵ و دایك و باوك"ـی بە پشتگیریی دەستەی وەبەرهێنان كە بیسەلمێنێت ناوبراو (وەبەرهێن)ـە.
2-لە دوای كۆتاییهاتنی ماوەی نشینگەی بڕگەی (1)ـی شەشەمی سەرەوە، بۆ هەمان ماوە درێژ دەكرێتەوە بە هەمان ڕێكاری بڕگەی شەشەمی ئەم مادەیە.
چوارەم:
1-پێدانی (نیشنگەی كار) بۆ ئەوانەی داوای نشینگە دەكەن بۆ ماوەی (زیاتر لە ساڵێك بۆ سێ ساڵ) بۆ كەسی بیانی، واتە: "خۆی و هاوسەر و منداڵی خوار 18 ساڵ و دایك و باوك"ـی لە كاتی كڕینی یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بەو مەرجەی كە نرخی یەكەكە لە (50.000) پەنجا هەزار دۆلاری ئەمەریكی كەمتر نەبێت بە پشتگیریی دەستەی وەبەرهێنان.
2-لە دوای كۆتاییهاتنی ماوەی نشینگەی بڕگەی (1)ـی حەوتەمی سەرەوە، بۆ هەمان ماوە درێژ دەكرێتەوە بە هەمان ڕێكاری بڕگەی حەوتەمی ئەم مادەیە بە پشتگیریی دەستەی وەبەرهێنان و بە سپۆنسەری یەكەكەی تا ئەو كاتەی خاوەندارییەتیی دەكات.
پێنجەم:
ڕسووماتی نشینگە وەردەگیرێت بۆ ماوەكانی هاتوو لە بڕگەی شەشەم و حەوتەم بەپێی خشتەی پاشكۆی ڕێنوێنیی سەرەوە بۆ هەر ساڵێك.
مادەی سێیەم:
ئەم ڕێنوێنییە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە كاری پێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.