نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاسدارانی ئێران تەقەیان لە چەند كۆڵبەرێك كرد، بەهۆیەوە دوو گەنج كوژران و یەكێكیشیان بە سەختی بریندار بوو.
ئەمڕۆ سێشەم 27ـی ئایار، عەزیز رەسووڵ پەیامێنری "وشە"ـی لە هەڵەبجە پێی راگەیاندین، بەیانیی ئەمڕۆ لەسەر سنوور، تەقە لە چەند كۆڵبەرێك كراوە و سێ قوربانی هەیە.
زیاتر گوتی، بەپێی ئەو زانیارییانەی وەرمانگرتووە، دوو لە كۆڵبەرەكان كوژراون و یەكێكیشیان بە سەختی بریندارە، تەرمەكان گواستراونەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، سوپای پاسداران لە شاخی كەمانجەری هەورامان لە دیوی هەرێمی كوردستان، تەقەیان لە كۆڵبەر و وڵاخداران كردووە.
ئەوە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوو، چەندان كۆڵبەری تر بوونە قوربانی تەقەكردنی سوپای پاسداران لە سنوورەكان.