پڕۆژەی نیشتمانیی "هەژماری من"، فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی ئاگەدار دەكاتەوە، کە دەتوانن لە چەند ناونیشانێكی جیاواز خۆیان لە پڕۆژەكەدا تۆمار بكەن.
ماوەی چەند رۆژێكە فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی، بە لێشاو روویان لە پڕكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من كردووە، داوایان كردبوو بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، چەند ناونیشانێكی جیاواز دابنرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 27ی ئایاری 2025، پڕۆژەی هەژماری من بڵاوی كردەوە، بریكارەكانی پڕۆژەی هەژماری من ئێستە لە دوو ناونیشان لە سلێمانی ئامادەن هاوكارتان بن بۆ خۆتۆماركردن لە پڕۆژەی هەژماری من، "بۆ ئەوەی تۆش هەژماری بانكیی تایبەت بە خۆتت هەبێت".
یەكێك لە ناونیشانەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییە، كە لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود (شەقامی 60 مەتری)، نزیك فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی و بەنزینخانەی بینایی، نهۆمی زەمینیی هۆڵی كۆبوونەوە.
هاوكات دووەم ناونیشان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتە، كە دەكەوێتە شەقامی ئیبراهیم پاشا - خوار نەخۆشخانەی شیرەكە.
هەژماری من پڕۆژەیەكی نیشتمانیی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانە، ئێستە تەواوی كوردستانی گرتووەتەوە كە ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەرانی سلێمانی بۆ خۆتۆماركردن ڕووی تێ دەكەن.