حكوومەت پێشوازی لە هەڵوێستی ئەمەریكا دەكات بۆ پشتیوانییەكەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم

:: PM:03:31:28/05/2025 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

بڕگەی سەرەكی و كارنامەی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ واژووكردنی دوو ڕێككەوتننامە لە بواری وزە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی (HKN) و (WesternZagros).

لە سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەكە كرد و ڕوونی كردەوە، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی دەڕوانێت، سەرۆك وەزیران هەروەها پشتیوانیی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی بە گرنگ وەسف كرد، بە ئاراستەی پتەوكردنی سیستمی فیدراڵی و پارێزگاریكردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.

پاشان، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی واژووكردنی ڕێككەوتننامەكانی بواری وزە كرد لەگەڵ هەر دوو كۆمپانیای ئەمەریكی (HKN و WesternZagros) كە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریكاشەوە بە گەرمی پاڵپشتیی لێكرا، ئەو دوو ڕێککەوتننامەیە سوودیان بۆ هەرێمی كوردستان و هەموو خەڵكی عێراق دەبێت. دواتر پوختەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندەكەی لە واشنتن لە گەڵ كۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریكا خستە ڕوو.

لە سەرجەم كۆبوونەوەكاندا، هەردوو لایەن دووپاتیان لە بەهێزتركردنی پێوەندیی هاوبەشی نێوانیان كردەوە، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و هەرێمێكی كوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیی ددانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.

لەبارەى كۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، سەرۆك وەزیران ستایشی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی كرد تایبەت بە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان كە پابەندبوونی ئەمەریكای بە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات كردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمەریكای دووپات كردەوە بۆ پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا و دابینكردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێم، كە تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی دا، بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ میوانداریكردنی هەرێمی كوردستان لە پەنابەر، ئاوارەكان و پاراستنی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان.

دواتر هەریەك لە ئەندامانی شاندەكە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەكاریی زیاتری كۆبوونەوە و دیدارەكانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستە ڕوو.

لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی سەردانەكە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد و ڕێز و پێزانینی بۆ پشتیوانییەكەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنكردنی پیادەكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەست پێ كردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ، كە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدراڵی و برەودان بە وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و گاز بەگوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەكەی بۆ خێر و بەرژەوەندیی هەمووان، كە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەكە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ەوە زیانی چەندان ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی كەوتووە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم