سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یاداشتێكی ناڕەزایەتی بە سوودانی دەدەین و پێشێلی یاسا و رێككەوتن كراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی ئایار، ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ دەبینەوە و یاداشتێكی ناڕەزایەتیی لە دژی بڕیاری تەیف سامی بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەدەینە محەمەد شیاع سوودانی.
زیاتر گوتی، پێشێلكارییەكان زۆرن پێشتریش چەند جارێك لە لیژنەی دارایی داوامان لە وەزیری دارایی كردووە، خشتەی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی)ـی حكوومەتی عێراق، هی هەموو مانگەكانی ئەمساڵیان ڕادەست بكات، كەچی تا ئێستە تەنیا هی مانگی كانوونی دووەمی ناردووە.
باسی لەوەش كرد، هێشتا خشتەی خەرجی نەهاتووە، باشە چۆن لە دەرئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ئینفاقی فیعلی بودجەی بۆ خەرج كراوە؟ ئەوان لە بنەڕەتدا داتا و ئاماریان نەناردووە.
" وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان باش دەزانین حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی دەستووری و فیدراڵییە خاوەنی مافەكانیەتی لە نێو یاسیا بودجە و دەستووری عێراقدا. ڕێككەوتنیش لە نێوان هەردوو حكوومەتدا كراوە كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵاوی كێشە سیاسییەكان بكرێت"، ڤیان سەبری وای گوت.
روونی كردەوە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش پێشتر بڕیاری داوە كە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كێشە سیاسییەكان دوور بخرێتەوە و مانگانە بەبێ ئەوەی ڕێگریی لێ بكرێت، لە كاتی خۆیدا خەرج بكرێت، بۆیە لەم پرسەدا دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئێمەیە.