مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی ئەو بڕیارە نایاساییە وەزیری دارایی عێراق بە توندی هاتە دەنگ و رای دەگەیەنێت، ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەوانە نەكرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین.
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی ئایار، لە ڕاگەیاندراوێك مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، ڕای گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە حكوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
ئاماژە بەوەش كراوە، دوا پێشلكاریشی نووسراوەكەی دوێنێی وەزارەتی داراییە كە دژی دەستوور و بنەماكانی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتە و بە سیاسی كردنی قوتی خەڵكە.
روونكراوەتەوە، ئەم بابەتە لە كۆبوونەوەی داهاتووی كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2/ 6/ 2025 دەخەینە بەرباس و بڕیار وەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەوانە نەكرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین.