ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان رای گەیاند، سبەی بەشداری لە كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن و داوا دەكات حزبەكان یەكهەڵوێست بن دژی ئەو ستەمەی لە بەغداوە لە كورد دەكرێت.
ئەمڕۆ هەینی 30ی ئایار، پارتی دیموكراتی كوردستان دەسپێشخەری كرد كە سبەی شەموو لە پیرمام بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەی حزب و لایەنە كوردستانییەكان بەڕێوە بچێت.
ئەوەی تا ئێستە پێشبینی كراوە كە ئەو كۆبوونەوەیە بۆ هەڵوێست وەرگرتنە لەسەر بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە كە ئەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڕیارێكی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رووی دا.
هەندرین ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، وەك حزبی شیوعی ئێستە لە كۆبوونەوەدان كە تاوتوێی ئەو پرسە دەكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە بەشداری لەو كۆبوونەوەی سبەی دەكەن. هەروەك داوای كرد كە بڕیارێكی سیاسیی یەكهەڵوێستی هەبێت دژی ئەو ستەمەی بەغدا لە قوتی خەڵكی كوردستانی دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سبەی زۆرینەی حزبە كوردستانییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە دەبن و بڕیاری سیاسیی گرنگ دەدرێت.
لەگەڵ ئەوەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كەتنەكەی ناوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی میدیاكانی عێراق سبەی شاندێك بۆ چارەسەری دۆخەكە و هێوركردنەوەی سیاسییەكانی كوردستان بە سەرۆكایەتی هادی عامری سەردانی هەولێر دەكات.