لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە شاندی سەرۆك هۆز و شێخەكان و كەسایەتی و ڕیشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستان و هەڵوێستی سەرۆك بارزانییان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە شەڕی تیرۆریستاندا، میوانداریی سەتان هەزار ئاوارەی عێراقیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق كردووە، سوپاسی قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشیان كرد كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا لە ژێردەست تیرۆریستانی داعش ئازاد كرد و ڕایان گەیاند، ئەو هەڵوێستە مێژووییانە هەرگیز لە یاد ناكەن و لە یادەوەریی نەوەكانی ئایندەشیان دەمێنێتەوە.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان، داوایان كرد كە هاوئاهەنگی و هاوكاری و پێكەوەیی لە نێوان پارێزگاكەیان و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە كێشە و گرفتەكانی دانیشتووانی نەینەوا و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاریی ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆك بارزانی كرد. داوایان كرد لە قۆناغی داهاتوودا لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەیان هەبێت و كۆتایی بە نەهامەتی و گرفتەكانیان بێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی كێشەكانی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق، دووپاتی لەوە كردەوە كە جێگەی شانازییە ناكۆكیی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق هیچ كاتێك نەبووەتە هۆی ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق.
سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا دامەزراوە، تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، پابەندبوونی هەموو لایەكە بەو بنەمایانە.
سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و هاوسۆزیی خۆی بۆ داواكاری و كێشەكانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپات كردەوە، پێویستە ڕێگە بدرێت دانیشتووانی نەینەوا خاوەنی بڕیار و چارەنووسی خۆیان بن.