پڕكردنەوەی پسوولەی خۆراك بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستی پێ كردووە، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر دەڵێت، تا ئێستە 20 هەزار كەس پڕیان كردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم دووی حوزەیران، سیامەند نانەكەلی بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە نوێكردنەوەی پسوولەی خۆراك و كردنی بە ئەلیكترۆنی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەستی پێ كردووە.
زیاتر گوتی، تا ئەمڕۆ 20 هەزار هاووڵاتی فۆرمەكەیان كارا كردووە، هەروەها سبەی لیژنەیەك لە بەغداوە دێتە هەولێر و بەفەرمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كارابوونی رادەگەیەنرێت.
باسی لەوەش كرد، ئەوانەی پسوولەی خۆراكیان نییە، دەبێت لەسەر ماڵی باوكیان خۆیان بنووسن چ ژن چ پیاو، دواتر لاینێكی نوێ دەكرێتەوە و ئەوانە رێیان پێ دەدرێت و مامەڵیان بۆ دەكرێت، دەبن بە خاوەن پسوولەی خۆیان.
روونی كردەوە، ئەو كاتەی دانراوە بۆ دەرهێنانی پسوولەی خۆراكی نوێ، 30 رۆژە و لە هەینییەوە كارا بووە.
لە ساڵی رابردووەوە عێراق دەستی كردووە بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك و ئێستە پرۆسەكە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.