پارتی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.. ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ چارەسەری كێشەكان هەیە

:: PM:06:29:02/06/2025 ‌
كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و رایان گەیاندووە، دوای ئەو ئاماژە ئەرێنییەی كە هەیە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی و دامەزراوەی دادوەری، بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان داكۆكی دەكەین لە چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتایی هێنان بەم شێوەڕەفتارە نادادپەروەرانەیەی، كە لەگەڵ بژێویی ژیانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی كوردستان دەكرێت.

ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بەسەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەكان، ئەمڕۆ دووشەم، دووی حوزەیرانی 2025، كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونەوە بە ساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمشە لەیاد دەستی پێ كرد، دواتر چەند پرسێكی گرنگ و هەنوكەیی شڕۆڤەكران و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

تەوەری یەكەم: پێوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ؛ پارتیمان لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و ڕووخاندنی ڕژێم و دواتریش لە بونیادنانی عێراقێكی نوێ كە تێیدا هەموو هاووڵاتییان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بكەن و، بەگوێرەی دەستوور بە ماف و ئازادییەكانیان بگەن، عێراقێك كە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بۆ هەمووان بێت ڕۆڵی كاریگەری هەبوو، سەركردایەتیی كوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، بەشداریی دامەزراندنەوەی عێراقی نوێی كرد لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی (شراكة، توافق، توازن) و بەڕێوەبردنی عێراق لەلایەن هەموو پێكهاتەكانیەوە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ تەواوی خەڵكی عێراق، كە ببێتە مایەی قەرەبووكردنەوەی ئەو هەموو نەهامەتی و وێرانییەی بەسەر عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتیدا هاتبوو. بەداخەوە دوای تێپەڕینی چەند ساڵێك بەسەر ڕووخانی ڕژێم، بەشێك لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە عەقڵیەتی دوور لە عەقڵیەتی فیدراڵی و بە ئاراستەی گێڕانەوەی دەوڵەتی مەركەزی و پشتكردن لە دەستوور و ڕێككەوتنەكانی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجام دراون، بۆ پێكهێنانی كابینە و گوشار خستنە سەر هەرێم بە هەموو شێوازێك و بەكارهێنانی كارتی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان هەنگاو دەنێن، كۆبوونەوە پەسەند و پاڵپشتیی هەڵوێستی مەكتەبی سیاسیی پارتیمانی كرد لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، هەروەها هەڵوێستی حزبە كوردستانییەكانی لە كۆبوونەوەی هاوبەشی ڕێكەوتی 31ی ئایاری 2025ی بەرز نرخاند و، دوای ئەو ئاماژە ئەرێنییەی كە هەیە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی و دامەزراوەی قەزائی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە، ئێمەش داكۆكی دەكەین لە چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتایی هێنان بەم شێوەڕەفتارە نادادپەروەرانەیەی كە لەگەڵ بژێویی ژیانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی كوردستان دەكرێت.

تەوەری دووەم: پێوەندیمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان؛ پارتیمان باوەڕی تەواوی بە فرەحزبی و لەگەڵیشیدا بە كاری هاوبەش و بەرپرسیارییەتیی هاوبەش هەیە، لەم ڕوانگەیەوە هەوڵی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانمان بەردەوام هەبووە و هەوڵی ڕژدیشمان دا بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەكی كوردستانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی لە بەغدا وەكو پێكهاتەی كورد ڕۆڵێكی كاریگەرترمان هەبێت، نەك وەكو ئەحزاب، بەڵام بەداخەوە پێشوازی لەو هەوڵەمان نەكرا و بێ ئەنجام بوو. دوا هەوڵیشمان بۆ كاری پێكەوەیی و دروستكردنی هاوڕایی بەرانبەر كێشە و ئاڵنگارییەكان ئەوە بوو؛ داوامان لە هەموو پارت و لایەنە كوردستانییەكان كرد و میوانداریمان كردن بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش، كە بە سوپاسەوە بەشی هەرە زۆری حزب و لایەنەكان ئامادەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن بوون، هاوكات چەند لایەنێكیش دەستپێشخەرییەكەیان قبوڵ نەكردین كە ئامانج لێی ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە بوو لەبارەی بڕیارە نایاساییەكەی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ لەبارەى ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران بەتایبەتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی، شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوەی ناوبراو كۆبوونەوەیەكی باش و سەركەوتوو بوو.

تەوەری سێیەم: سەردان و كۆبوونەوەكانی بەرێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان؛ دوای گفتوگۆ و ڕوونكردنەوەی ناوەڕۆكی سەردانەكەی بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كۆبوونەوەكانی بەرێزیان لە گەڵ كەسایەتی و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە بە كارێكی باش زانرا بۆ زیاتر پتەوكردنی پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، هەروەها ڕێككەوتنەكان لەسەر كێڵگەكانی گاز و نەوت كە لە چوارچێوەی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان دان، بە سوودی بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق زانران.

تەوەری چوارەم: پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان؛ لیژنەی دانوستانەكانی پارتیمان زانیاری و ڕوونكردنەوەی پێویستی لەبارەی هەنگاوەكانی ئەو پرۆسەیە پێشكەشی كۆبوونەوە كرد، بەردەوامیی هەنگاوەكانی لیژنەی ناوبراو بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی دەیەم بە زووترین كات بەپێویست زانرا.

تەوەری پێنجەم: پڕۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواوی هەنگاو و ئامادەكارییەكانی كە كراون، و پلان و بەرنامەی داهاتووی لیژنە و ئۆرگانەكانی پارتیمانی لەبارەى ئەم پرۆسەیە خستە ڕوو، كۆبوونەوە پلان و هەوڵەكانی لیژنەی ناوبراوی بەگوێرەی ئەو خشتە زەمەنییەی كە دیاریكراوە بە پەسەند زانی. 

كۆمیتەی ناوەندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
2ـی 6ـی 2025


وشە - سه‌رخێڵ هاشم