بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ فۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ پڕكردنەوەی زانیارییەكان و بوون بە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان كارا بكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم سێی حوزەیران، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ فۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان پڕ دەكرێتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، كۆمەڵێك مەرج هەن بۆ كەسی داواكار، ئەویش بوونی هەبوونی كارتی دەنگدانی درێژمەودا، هەروەها پێشكەشكار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت كە داواكاریی لێیەوە پێشكەش دەكات، پێشكەشكردنەكە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جیۆگرافی دەبێت.
لە مەرجەكانی تری كۆمسیۆندا هاتووە، نابێت كەسی داواكار لە رابردوودا هیچ سزایەكی لەلایەن كۆمسیۆنەوە درابێت، نابێت خزمی نزیكی هیچ كام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
لە مەرجێكی تری كۆمسیۆندا ئاماژە بەوەش كراوە، كەسی داواكار پێویستە بەڵێننامەیەكی دەستنووس پڕ بكاتەوە كە تێیدا دووپاتی دەكاتەوە، رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەكراوە، ئەندامی هێزە تەناهییەكان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەكان دەبێت.
لەبارەی بەڵگەنامەكان بۆ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ فەرمانبەران، ناسنامەی فەرمانگەكە، یان پشتگیریی فەرمانبەرێتی، كارتی نیشتمانی، یاخۆ ناسنامەی باری شارستانی، كارتی دەنگدان، بەڵگەنامەی خوێندن، یان پشتگیریی خوێندن بەشێوەی رەنگاوڕەنگی هەبێت.
بۆ قوتابیانیش چەند مەرجێك هەن وەك ناسنامەی قوتابی، یان پشتگیری كە قوتابییە، كارتی نیشتمانی، یاخۆ ناسنامەی باری شارستانی، كارتی دەنگدان و بەڵگەنامەی بڕوانامەی خوێندنەكەی بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت.