چەند بڕیارێك بۆ جەژنی قوربانی دەرچوو

:: PM:04:19:03/06/2025 ‌
لە دیوانی پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا.

بەگوێرەی راگەیەنراوی پارێزگا، لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە جێگرانی پارێزگار و یاریدەدەر و قایمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی داودەزگا تەناهییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان ئامادەی بوون، وەك ئامادەكاریی بۆ جەژنی قوربان، لیژنەكانی قایمقامییەتەكان و بازرگانی، ڕاسپێردران لە نزیكەوە چاودێریی بازاڕ و نرخ و كوالێتیی كەلوپەل و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان بكەن.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لەبارەی مەترسییەكانی (تای خوێنبەربوون) كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە گفتوگۆ كرا، لەوبارەیەشەوە داواكرا هاووڵاتییان بۆ سەلامەتیی تەندروستیی خۆیان و ماڵ و منداڵ و كەسوكاریان، قوربانی لە بەردەم دوكان، سەر شەقام، گەڕەك و كۆڵانەكان نەكەن و ئاژەڵ لە كوشتارگەكان بە پشكنینی ڤێتێرنەری سەر ببڕدرێت و بكرێتە قوربانی.

لەبارەی ئامادەباشیی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ لە ڕۆژانی جەژن و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانی هاووڵاتییان، كۆبوونەوە دووپاتی لە گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی پێویست لە یەكە كارگێڕی و ئیدارییەكان و هێزە تەناهییەكان، تیمە تەندروستییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان كردەوە.

لە كۆتاییدا پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دا بۆ رۆژانی جەژن، هەموو ئامادەكاری و ئاسانكارییەك بكرێت بۆ هاتنی گەشتیاران، لەوبارەیەشەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی بازگەكانی ڕاسپارد، ئامادەكاریی تەواو بكەن لە چۆنیەتیی پێشوازیكردنیان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم