سەبارەت بەو كێشەی مووچە كە بەم دواییە وەزارەتی دارایی و حكوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێم و مووچەخۆرانیان دروست كردووە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە هەوڵەكانیان ئەوجارە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئارستەی چارەسەری یەكجاریی كێشەی مووچەیە، ئەگینا ئەنجامەكەی باش نابێت.
لە دەقی پۆستێكی د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتووە، ئەمڕۆ موسەنا ئەمین پێش چوونیان بۆ لای سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگەداری كردم، كە بەتەمان بچن بۆ لای سەرۆكوەزیرانی عێراق و گوتی، دەزانم ئێوە هەوڵتان داوە، دەمەوێ بزانم چیتان كردووە، منیش پوختەی دوایین كۆبوونەوەی خۆمان لەگەڵ سەرۆكوەزیران پێش دوو رۆژ بۆ باس كرد، كە سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای گوشارەكانی ئێمە گوتی، با بڕیارێك لە دادگای فیدراڵییەوە بێت بۆ ئەوەی بتوانم مووچە سەرف بكەم، بەڵام تا ئێستە هەشت ئەندامیان بەردەستە و نەبوونەتە نۆ دادوەر، بۆ ئەوەی دانیشن و بریارێكی وەلائی بدەن بۆ سەرفكردنی مووچە، گوتی ئەو بڕیارە بدرێت زۆر باشە.
زیاتر دەڵێت، ئەمڕۆ پڕ بە دڵ حەزم دەكرد لە كۆنگرەكەی برادەرانی یەكگرتوو گوێم لەوە بوایە كە ئەوان رەزامەندیی سەرۆكوەزیرانیان وەرگرتووە كە پێش جەژن مووچە سەرف بكرێت بەڵام نەكرا، ئەوەش واریدە، چونكە ئەگەر سوودانی بیەوێ هێزێك رازی بكات، ئەوە بە هەموو پێوەرێك لەسەر داوای پارتی و پێش هەموو لایەك بریار دەدات مووچە سەرف بكرێت، چونكە ئەویش لە زمانی ژمارە و پێگەی هێزە سیاسییەكان دەزانێت، ئەوەش دەزانیت كە هەڵبژاردن و سەر لە نوێ خۆكاندیدكردنەوەی لەپێشە و پارتیش هێزی یەكلاكەرەوە دەبێت لەوبارەوە.
زیاتر روونی كردەوە، بۆیە لێرەوە دەمەوێ روونكردنەوەیەك لەسەر ناردنی مووچە بدەم، بەتایبەتی پێش جەژن، هەڵبەتە هیچ كات نەمانویستووە هەوڵ و كۆبوونەوەكانمان باس بكەین و بە خەڵكی خۆمانی بفرۆشینەوە، چونكە بە ئەركی خۆمان زانیوە، بەڵام بۆ ئاگەداری هەموو لایەك كاتێك موچەی مانگی چوار دوا كەوت، رۆژی شەشی ئایار كۆبوونەوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكوەزیران بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی و د. فوئاد و بەندە و كاك بەنگین رێك خرا، دوای دوو سەعات بڕیار درا لە ماوەی دوو رۆژ مووچەی مانگی چوار بنێرن و مووچە رەوانە كرا.
"بۆ ئەم مانگەش دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەل سەرۆكوەزیران دەستمان بە گفتوگۆ كرد و چەندین پێوەندیمان ئەنجام دا، دواجار رۆژی یەكشەم، واتە پێش دوو رۆژ، كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا كە زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند، سەرۆكوەزیران و د. فوئاد و بەندە و كاك بەنگینیش ئامادە بوون، بۆ باسكردن لە تەواوی وەردەكارییەكان و گرفتە تەكنیكی و داراییەكان و هۆكاری نەناردنی مووچە"، د. شاخەوان وا دەڵێت.
دووپاتی كردەوە، كۆبوونەوەیەكی شەفاف بوو و پەیامی سەرۆك بارزانیمان گەیاند كە ناكرێت لەژێر هەر پاساوێك مووچەی خەڵك ببڕدرێت، بەتایبەتی ئێمە لەبەردەم جەژنین، تەنانەت من گوتم خەڵك تاوانی ئەنجام داوە كەچی سەرۆكی وڵاتان لە جەژندا لێبوردنی گشتی دەردەكەن، كەچی وەزارەتی دارایی مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، ئەم بابەتە لە كوردستان كاردانەوەی خراپی دەبێت، یەكێك لە بیانووەكان كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بوو، گوتم ئەویش هۆكارەكەی بەغدایە، بەهۆی ئەو بازگە و سەرانەوەرگرتنەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دانراوە، بازرگانەكان كاڵاكانیان دەبەن لە دەروازەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی داخڵی ناوەڕاست و باشووری دەكەن، بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنورییەكان 100 ملیار دیناری مانگانە كەمی كردووە، بەهۆی كەمیی جووڵەی بازگانیش باج و رسومات دابەزیوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی، لە دۆسیەی نەوتیش گوتم بەڕێز سوودانی بەربەستەكانی بەردەم هەناردنی نەوت هەڵگرن و با دەست بە هەناردن بكرێتەوە، ئەوكات ئەو مەلەفە دادەخرێت و ئیتر لە لایەن حكوومەتی فیدراڵی هەناردە دەكرێت و پێویستیی ناوخۆی هەرێمیش دابین دەكرێت و ئیستە لە قۆناغی كۆتایین، دوای ئەم گفتوگۆیانە گوتی باشە با دادگا بریارێك بدات، فەرمانێكی ولائی لەسەر سكاڵاكە دەربكات، منیش مووچە سەرف دەكەم، من دووپاتم كردەوە و گوتم، هەرچیتان كردووە پێش جەژن مووچە سەرف بكەن، چونكە تاوانە خەڵك ئەم جەژنە مووچە وەرنەگرێت و پێداگریمان لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بۆ سەرفكردنی مووچە پێش جەژن كردەوە.
ئاماژەی كرد، دوای كۆبوونەوەكە راستەوخۆ سكاڵا تۆمار كرا و كەوتینە بەردەم گرفتی تەواوكردنی نیسابی دادگای فیدراڵی بۆ دانیشتن و دەركردنی فەرمانێكی ولائی بۆ سەرفكردنی مووچە، چونكە سەرۆك و چوار دادوەری دادگای فیدراڵی لە سەفەری حەجن، ئەوەی ماوەتەوە چوار دادوەر و چواری یەدەگیش هەیە، بەڵام هێشتا ناتوانن دانیشتن ئەنجام بدەن، داوامان كرد لەبەر جەژن ئیفترازی بێت و تا ئەمڕۆش بەردەوام ئەو داوایەمان كردووە، بەڵام رەزامەندی نەهاتووە، ئەوەش هۆكار بوو كە وەزیرەكانی ئیمە بەشداریی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران نەكەن، چونكە بڕینی مووچە پێش جەژن ناحەقییەكی گەورەیە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان دەكرێت، بەڵام هەوڵەكانمان ئەمجارە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئارستەی چارەسەری یەكجاریی ئەم كێشەیە ئەگینا ئەنجامەكەی باش نابێت.
لە كۆتاییدا داوایەك لە فراكسێونی یەگرتوو دەكەم، لە روانگەی بەرپابوونی عەدالەت، لەم یەك دوو رۆژە دیدارێك لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی خۆشمان كاك مەسروور بارزانی ئەنجام بدەن، لە لایەك بۆ گواستنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ هەرێم و لە لایەكی تریش گوێ لە وەڵامەكانی ئەوانیش بگرن و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بە ئەمانەتەوە چۆن هیچ خاڵێكی ئەولاتان بیر نەچوو، وەڵام و معانات و داتاكانی هەرێمیش بخەنە روو.