بۆ چوارەم جار ژنی بەرپرسێكی یەكێتی بەشەڕ هات و بە چەكەوە هەڵدەكوتێتە سەر ماڵان

:: PM:05:48:04/06/2025 ‌
ژنی بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی نیشمانیی كوردستان، بۆ چوارەم جار بەشەڕ هات و بە چەكەوە هەڵدەكوتێتە سەر نەیارەكانی، دوایین شەڕیان ئەمڕۆ بووە كە تەقەی لەماڵی كادرێكی یەكێتی كردووە لە سنووری چەمچەماڵ. 

كیژان، خێزانی سەركەوت حەسەن، ناسراو بە سەركەوتی كوبەیە، لە ساڵی 1997 لەدایك بووە، ماوەی ساڵێك دەبێت هاوسەرگیریی لەگەڵ سەركەوتی كوبە كردووە، كە ئەو لە ساڵی 1954 لەدایك بووە. 

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە"، ئەمڕۆ چوارشەم، چواری حوزەیرانی 2025، كیژانی خێزانی سەركەوتی كوبە، هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی كادرێكی تری یەكێتی لە شارەدێی شۆڕس، كە ئەویش كچە و ناوی "ساوێن جەمال"ە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، كیژان جیا لەوەی تەقەی لە ماڵی كادرەكە كردووە، بەڵام چووەتە ماڵەكەیان و بەدوای ئەو كادرەدا گەڕاوە.

هێشتا نازانرێ‌ كە هۆكاری ئەو كێشەیە چییە، بەڵام بەهۆی رووداوەكەوە جگە لە زیانی ماڵی هیچ زیانێكی گیانی لێ‌ نەكەوتووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا ئەوە چوارەم جارە كیژانی ژنی سەركەوتی كوبە دەكەوێتە شەڕەوە و چەك بەكار دێنێ‌، جیا لەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندان جار لە ڕێی مۆبایلەوە جنێو و دەمەقاڵێی لەگەڵ كەسانی ئاستی خۆی كردووە. 

دوایین جار، كیژان لە رێوڕەسمی یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە مەڵبەندی چەمچەماڵ دەركەوت و كێكی ئەو حزبەی بڕی، هاوكات لە زۆرترین چالاكییەكانی ئەو مەڵبەندە ئامادەیە بەهۆی ئەوەی بەرپرسیارییەتییەكەی لە ئەستۆی سەركەوت حەسەن دایە.


وشە - وشه‌