لە یەك رۆژدا 58 هەزار فۆرم بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان پڕ كراونەتەوە

:: AM:09:16:05/06/2025 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئامارێكی بڵاو كردەوە و بەپێی ئامارەكە، لە یەك رۆژدا زیاتر لە 58 هەزار فۆرم بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان پڕ كراونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی حوزەیران، لە راگەیەنراویكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا هاتووە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تا ئێستە 58 هەزار و 540 فۆرمی كەسی بەدەست گەیشتووە بۆ بوون بە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان.

كۆمسیۆن باسی لەوەش كردووە، داواكارییان بۆ كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان، پێشكەش كراوە و هاوكات داواكاری لە زیادبووندایە، دوای ئەو كاتەی دیاری كراوە، بڕیار لەسەر فۆرمەكان دەدرێت.

بەپێی ئامارەكە
46 هەزار و 506 كەسیان لە رەگەزی نێرن.
12 هەزار و 34 كەسیان لە رەگەزی مێن.
41  هەزار و 108 كەسیان فەرمانبەرن.
17 هەزار و 432 كەسیان قوتابی و دەرچوون.

ئەوە لە كاتێكدایە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم بەڕێوە بچێت.


وشە - رامیار جەواد