13 رێنوێنی بۆ قوربانی دەرچوو

:: PM:04:16:05/06/2025 ‌

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان، چەندان رێكار و رێنوێنیی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ بڵاو كردەوە.

وەزارەتەكە دەڵێ‌، بە مەبەستی رێگریكردن لە تای خوێنبەربوون، رێكار و رێنوێنییەكانی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قوربان بڵاو دەكرێنەوە.

رێنوێنییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ رۆژانی جەژنی قوربان:
1. پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەرببڕێن.
2. دەبێت لە رۆژانی جەژنی قوربان سەربڕخانەكان كراوە بن بە ئامادەبوونی ستافی پزیشكی و كارمەندی ڤێتێرنەری.
3. ناوی سەربڕخانە كراوەكان و كاتی كاركردن لە میدیاكان و یەكە کارگێڕییەکان رابگەیەنرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئاگادار بن و ئاژەڵەكانیان لەم سەربڕخانانە سەرببڕن.
4. دووپاتکردنەوە و توندوتۆڵكردنەوەی رێكارەكانی پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی ئاژەڵ و پشكنینی گۆشتی بەرهەمهاتوو.
5. پەیڕەوكردنی ڕێنوێنییەکانی خۆپارێزی و پاكوخاوێن ڕاگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان و ڕشاندنیان بە دەرمانی تایبەت.
6. پێویستە ئاژەڵەكە ساغ بێت و هیچ نیشانەیەكی نەخۆشیی نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆریی دەرەكیی لەسەر نەبێت.
7.هەر ئاژەڵێك دەرمانی چارەسەركردنی پێدرابێت نابێت راستەوخۆ سەرببڕدرێت، بەڵكو پێویستە كاتی سەربڕین دوای بەكارهێنانی دەرمان بەپێی رێنوێنیی پزیشكی ڤێتێرنەری و تایبەتمەندی دەرمانەكە بێت.
8. پێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵ، پێش فرۆشتنی ئاژەڵەكانی بۆ سەربڕین یان قوربانیكردن، بە ماوەی نزیكەی ٣ هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێك نەدات بە ئاژەڵەكان و هۆڵی بەخێوكردنی ئاژەڵەكان بە دەرمانی تایبەت بڕشێنێت و چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەكانی بكات.
9. پێویسە لەسەر كەسی قوربانیكەر (قەصاب و هاووڵاتی) بە گرتنەبەری گشت رێكارەكانی خۆپارێزی و پاكوخاوێنی لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەكردن بەتایبەتی بەكارهێنانی دەستكێش جزمەو صدریە ….هتد, هەروەها دووركەوتنەوەی هاووڵاتییان لە كۆبوونەوە لە دەوروبەری ئاژەڵ لەكاتی سەربڕینی، هەروەها شوشتن و تەعقیمكردنی دەستەكان و شوێنی سەربڕین و كەلوپەلەكان دوای بەكارهێنان و دەست دان لە گۆشت.
10. بەكارهێنانی كیسی (نایلۆن)ی نوێ و روون و بێ ڕەنگ لەكاتی دابەشكردنی گۆشت.
11. لەكاتی گواستنەوەی گۆشت رەچاوی پلەی گەرمی گونجاو بكرێت.
12. هەڵگرتنی گۆشت بۆ ماوەی 24 سەعات لە ساردكەرەوە، پاشان بەكاربهێنرێت.
13. فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لەسەر شەقام و كۆڵان و بازاڕەكان ...هتد.

 



وشە - وشه‌