پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

:: PM:07:54:05/06/2025 ‌
سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی جەژنی قوربان پەیامێکی بڵاو کردەوە و رای گەیاند، لە كاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین، بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە.

سەرۆک لە پەیامەکەیدا دەڵێ، ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.

لەكاتێكدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین كە بە بڕیارێكی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە. بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیكردنی بە کۆمەڵی گەلی كوردستان هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نییە كە ڕژێمی پێشوو لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دا. بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە هەموو ستەمكاری و تاوان و ئەنفالێك بەهێزتر و بەرزترە. با ئەوانەی دژایەتیی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێك لە مێژوو بدەنەوە، گەلی كوردستان لە بەرانبەر هەموو گوشار و زەبروزەنگێكدا خۆڕاگر بوو و بەسەر نەیار و تاوانباراندا سەركەوت، و هەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە.

لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی خۆڕاگری و جوامێری و سەربەرزیی تاك بە تاكی گەلەكەمان دەكەم، لە خودای مەزن داواكارم خێر و ئاسوودەیی بۆ كوردستان و عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكەمان و هەموو جیهان بەدی بهێنێت.

مسعود بارزانی
5ی حوزەیرانی 2025


وشە - سه‌رخێڵ هاشم