هۆشیار زێباری: ئەگەر هەیە دوای جەژن پرسی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان بەنێودەوڵەتیی بكەین

:: PM:08:33:06/06/2025 ‌
هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەگەری زۆری هەیە لە دوای جەژن پرسی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان بەنێودەوڵەتیی بكەین.

ئەمڕۆ هەینی شەشی حوزەیران، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای گەیاند، لە كاتێكی خراپدا كە پێش جەژن بوو، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارێكی خراپی تەواو سیاسی دەركرد، ئەوەش پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپتر برد.

دەشڵێت، هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی فراوانی سیاسی و دیپلۆماسی و بەهێزی لەگەڵ هەریەك لە ئەمەریكا، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی، ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو، توركیا، ئێران و نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە، ئەگەری هەیە پێوەندییەكان بۆ چارەسەركردنی بابەتی بڕینی بودجە بەكاربهێنین و بیكەینە پرسێكی نێودەوڵەتی.

وەزارەتی دارایی عێراق لە 28ی ئایار مووچەی كوردستان بڕی ئەوەش بە پاساوی ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕی پشكی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە، ئەو بڕیارەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە ستەمێكی ئاشكرای بەغدا بەرامبەر خەڵكی كوردستان لە قەڵەم درا.



وشە - رامیار جەواد