دەزگای خێرخوازی بارزانی كێشەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەباتە نەتەوە یەكگرتووەكان و لە بەردەم تەواوی گەلانی جیهان، سكاڵا لە دژی عێراق تۆمار دەكات.
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، كێشەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەباتە نەتەوە یەكگرتووەكان و سكاڵا و ڕاپۆرتی خۆی لە دژی خراپی ڕەوشی مرۆئئ و مافەكانی مرۆڤە بەرز دەكاتەوە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی ماوەی چەندین ساڵە چاودێر و ئەندامە لە ئیكۆسۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر ئەم بنەمایەش مافی هەیە لەسەر بارودۆخی مرۆیی بێتە دەنگ، ڕاپۆرت پێشكەش بكات و سكاڵا تۆمار بكات.
وەزارەتی دارایی عێراق لە 28ی ئایار مووچەی كوردستان بڕی ئەوەش بە پاساوی ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕی پشكی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە، ئەو بڕیارەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە ستەمێكی ئاشكرای بەغدا بەرامبەر خەڵكی كوردستان لە قەڵەم درا.