ژنەكەی سەركەوتی كوبە ئازاد كرا .. چیرۆكی شەوەكەی لە زیندان چییە؟

:: PM:02:24:11/06/2025 ‌
دوای ئەوەی دوێنی لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك گیرا، ئەمڕۆ بە كەفالەتی چوار ملیۆن و نیو "كیژان" خێزانی سەركەوت حەسەن ناسراو بە سەركەوتی كوبە لە گرتووخانەی ئاسایش هێنرایە دەرەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی حوزەیران، سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنی لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك "كیژان" گیرا، كەمێك لەمەوبەر بە كەفالەتی چوار ملیۆن و نیو ئازاد كراوە تا رۆژی دادگاییەكەی. 

ڕوونیشی كردەوە كە هەوڵێكی زۆر هەبووە بۆ ئەوەی دوێنی شەو لە گرتووخانەی ئاسایش نەمێنێتەوە، بەڵام بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی داوا كراوە كە شەوێك رابگیرێت. 

ئەو سەرچاوەیە زانیاریی لەسەر ئەوەیش دا كە تەواوی شەوی ڕابردوو، سەركەوت حەسەن لە نزیكەوە چاودێری كیژانی كردووە، دواتر وەك میوانداری شەوەكە لای ماوەتەوە و لەناو گرتووخانەی ئاسایش جێی نەهێشتووە. 

ئەو سەرچاوەیە گوتی، لەبەرئەوەی سەركەوتی كوبە خۆی دەزانێ‌ دۆخی ناو گرتووخانەكانی ئاسایش بەتایبەت بۆ ژنان چۆنە، بۆیە شەوەكەی بە تەنیا "كیژان"ی جێنەهێشتووە و وەك میوان مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە، رەنگە بەهۆی خۆشەویستیشی بووبێت بۆ خێزانەكەی. 

كیژان لە ماوەی رابردوودا چوار جار كەتنی كردووە، دواجار هەڵكوتانە سەر ماڵی كادرێكی یەكێتی بوو لە شارەدێی شۆڕش كە بە چەكەوە تەقەی لێ‌ كردن. 

ئەو رەفتارانەی ژنەكەی سەركەوتی كوبە ناڕەزایی كادرانی یەكێتی لێ‌ كەوتووەتەوە، بۆیە یاداشتێكی ناڕەزاییان بڵاو كردەوە و رایان گەیاند، بەهۆی هەڵسوكەوتی نابەرپرسانەی لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی، ڕێكخستنەكانمان لاواز بووە، كادران و دەنگدەرانی یەكێتی تەواو نیگەرانن لە لێپرسراوی مەڵبەند. سەرەڕای كارە ناحزبییەكانی خۆی، خێزانەكەشی ناو و ناوبانگی مەڵبەند و یەكێتیی زڕاندووە و دوور لە داونەریتی كۆمەڵایەتی، بەشداریی زۆربەی چالاكییەكانی مەڵبەند دەكات.

وەك دەڵێن، هاوسەری بەرپرسی ئەو مەڵبەندەی یەكێتی /چەمچەماڵ/ بە ناوی (ك) نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەم چواری حوزەیران، هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی هەڤاڵ (س) كادری مەڵبەندەكە و تەقەی لێیان كردووە، هەموو خەڵكی سنوورەكە بەم ڕووداوەیان زانیوە و نیگەرانن، لە كاتێكدا باوكی (س)، یەكێك بوو لە كادرە سەرەكی و چالاكەكانی كۆمیتەی (ش) تا كۆچی دوایی كرد.



وشە - وشه‌