نووسەرێكی بواری ئاین كە چیرۆكەكانی ئاینی روون دەكاتەوە، رای گەیاند كە هەڕەشەی سەربڕینی لێ كراوە و لە پەیامێكی ڤیدیۆیشدا بۆ دەزگا تەناهییەكان داوا دەكات هاوكاری بن.
شێركۆ مەحموود نووسەری بواری ئاین، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێ، چەند كەسێك لەوانەی بڕوایان بە پەیامی قورئان نییە، هەڕەشەی سەربڕینیان لێ كردووم.
ئەو دەڵێ، ماوەیەك لەمەوبەریش بەهەمانشێوە هەڕەشەم لێ كرا و لە دەزگا پێوەندیدارەكان سكاڵام تۆمار كرد، بەڵام جارێكی تر ئەوانەی بڕوایان بە پەیامی خوا و قورئان نییە، دەستیان بە هەڕەشە كردووەتەوە.
شێركۆ مەحموود كەسایەتی و نووسەری بواری ئاینییە و كار لەسەر روونكردنەوەی چیرۆكەكانی ناو ئیسلام دەكات، لە ماوەی رابردوودا چەندان ڤیدیۆ و بەڵگەی لەسەر ئەوە بڵاو كردەوە كە "جن" لەناو جەستەی مرۆڤدا بوونی نییە.
هەروەها ئەوەی روون كردەوە كە قوربانی هیچ بنەمایەكی لە پەیامی ئیسلامدا نییە و جێبەجێكردنیشی سوودێك بە كەس ناگەیەنێ.