پارێزەرێك: بڵاوكردنەوەی هەواڵی ترس و تۆقاندن سزاكەی حەوت ساڵ زیندانییە

:: PM:04:56:14/06/2025 ‌
لەگەڵ دەست پێ كردنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەشێكی زۆر لە میدیاكانی دنیا كەوتوونەتە بڵاو كردنەوە هەواڵی ناڕاست، هاوكات لە هەرێمی كوردستان بەشێك لەو پەیج و میدیانەی كە هەن، هەواڵی فەیك لە ناوخۆی كوردستان بڵاو دەكەنەوە كە دەبێتە هۆی ترس و تۆقاندن. 

ئەمڕۆ شەموو 14ی حوزەیرانی 2025، پارێزەری راوێژكار، ئاسۆ هاشم، بە "وشە"ی گوت، لەبەرئەوەی پەیج و ئەكاونتی فەیسبووك تا رادەیەكی زۆر لە كوردستان كۆنترۆڵ نەكراون، بەردەوام لە كاتی تەنگژەكاندا، ئەو حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە كە دەكەونە بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێ‌ بنەما.

ڕوونیشی كردەوە، بەپێی یاسای تیرۆر بڵاوكردنەوەی هەواڵێك لە ڕاگەیاندنەكان كە پشێوی سیاسی و ترس و تۆقاندن لەناو خەڵك دروست بكات وەك تاوانی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

ئەو پارێزەرە سەرنجی خستە سەر سزای بڵاو كردنەوەی هەواڵ كە ببێتە هۆی ترس و تۆقاندن و گوتی، ئەو جۆرە تاوانە سزاكەی حەوت ساڵ زیندانییە، بۆیە پێویستە ئەو پەیجانە دەست لە بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن هەڵبگرن. 

جێی ئاماژەیە، شەوی رابردوو تا ئامادەكردنی ئەو هەواڵەیش، بەشێك لەو پەیجانەی هەن هەواڵی بێ‌ بنەما لەبارەی گرانبوونی كەلوپەل و گەیشتنی شەڕ بە كوردستان بڵاو دەكەنەوە.

وشە/ دوین ئەحمەد


وشە - وشه‌